پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ خەڵکی کوردستان؛ سوپاس بۆ دڵسۆزیتان

سەرۆک بارزانی، لەسەر بە دەنگەوە هاتنی هاونیشتمانیان  و یارمەتیدانی ڕۆژئاوقی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە.

هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێدەهێڵێت.

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن.

ھەواڵی زیاتر