مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین – ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا کۆبووەوە، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێریڤان ئایماز، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین – ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا کرد.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە. هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی هەرێمی نۆردراین – ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا، ڕۆڵی کارای هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و بە تایبەتی هێورکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریا و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، بەرز نرخاند.