ئێوارەی ڕۆژی شەممە 31ی كانوونی دووەمی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا ئەنجام درا.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییەكان و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات و هەنگاوەكانی داهاتوو كرا. هەروەها جەخت لە پێویستیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە و ئەوەش دووپات كرایەوە كە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكان بێت.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع دوای ئەوە دێت ڕۆژی 30 کانوونی دووەم، هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” و حکومەتی سووریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان.