هەولێر، چوارشەممە 1/28 وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەی کۆمپانیاکانی پەخشی لە هەرێمی کوردستان کردووە، فەرمانی کردووە بە پێی ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014، پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانیان ڕابگرن
لە نووسراوی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارە 2725ی ڕێکەوتی 28.1.2026 کە ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی پەخش کراوە، هاتووە: “ئاماژە بە خاڵی (1) و (3) و (9) لە بڕگەی (3) لە ماددەی (3)ی ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014 (تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان)، ئاگادارتان دەکەینەوە کە پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانتان ڕابگرن، بەتایبەتی ئەو کەناڵانەی کە لەباری ئێستای کوردستاندا بوونەتە هۆکاری پشێوی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە نەتەوەی کورد.
هەروەها هاتووە: پەخشکردنی ئەو کەناڵانە پێچەوانەی ماددەی ئاماژە پێکراوی سەرەوەیە، هەروەها پێچەوانەی ماددەی (2)هـ لە هەمان ڕێنمایی کە تایبەتە بە مۆڵەتدان و دابینکردنی فریکوێنسی، بۆیە پێویستە تەنها بۆ پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان بێت.