بۆچی مەلا هەڵۆ و مەلا کامەران دەستگیر کران؟

لە سلێمانی دوو مامۆستای ئایینی بە ناوەکانی مەلا هەڵۆ و مەلا کامەران دەستگیر کراون. بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، دەستگیرکردنەکەیان پەیوەستە بە “خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی” و “سووکایەتیکردن.”

کامەران عەلی، ناسراو بە (مەلا کامەران) رۆژی پێنجشەممە 22ی ئەم مانگە و (مەلا هەڵۆ) رۆژی شەممە 24ی مانگ دەستبەسەرکراون، تاوەکو ئەمڕۆ لە زیندانن لە سلێمانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، مامۆستا عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ڕایگەیاند، “ئەو دوو مامۆستایەی دەستگیرکراون، هەردووکیان دامەزراون و میلاکن لەسەر حکومەت؛ بە فەرمی وەکو مامۆستای ئاینی کاریان کردووە.”

مەلا کامەران، کە پێشتر بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بووە، رۆژی پێنجشەممە پێش گوتاری هەینی دەستگیر کراوە.

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانیس دەڵێت، “مەلا کامەران بە مادەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراوە، چونکە کۆمێنتی زۆر زبری بۆ خەڵک نووسیوە و دیارە کەسانێکیش سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە.”

پێش دەستگیرکردنی، چەند جارێک هۆشداری بە مەلا کامەران دراوە لەبارەی نووسینی کۆمێنت و سەرنجەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لەبارەی دەستگیرکردنی مەلا هەڵۆ ، دوێنێ رۆژی شەممە دەستبەسەر کراوە، سەرچاوەیەکیس ڕایگەناد، “مەلا هەڵۆ لە گوتاری هەینیدا باسی ئافرەتی کردووە، دیارە ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ ژنان، نووسەران و رۆشنبیران سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە و ئاسایشی سلێمانی دەستگیری کردووە.”

لە رۆژی هەینی 16ی ئەم مانگەش، لە دوو مزگەوت لە سلێمانی و کەلار دوو مامۆستای ئاینی بە هەمان تۆمەت (سووکایەتی بە شەڕڤانان و رۆژئاوای کوردستان) دەستگیرکران و دواتر ئازاد کران.

هەڵوێستی ئەو مامۆستا ئاینییانە لەکاتێکدایە، هاونیشتمانیان لە تەواوی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە، بەردەوامن لە سازدانی چالاکی بۆ پشتگیریکردنی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان.

ھەواڵی زیاتر