ڕێکخراوەکان هۆشداریی لەبارەی دۆخی کۆبانێ دەدەن

کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی تووندی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکاندایە، دۆخی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پێنج منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

ڕەوشی ژیان لە کۆبانێ بە تەواوی خراپ بووە، خۆراک، سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە شارەکەدا کەمبووەتەوە، تەنانەت ڕێگە نادرێت شیری منداڵ بگاتە ئەوێ. لەگەڵ بەفر و سەرما، کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت بڕاون، نەخۆشییە گوازراوەکان بڵاوبوونەتەوە.

هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی هۆشداری دەدات و دەڵێت: گەمارۆکە هێندە سەختە کەرتی تەندروستی لە لێواری داڕماندایە، ئەگەر جیهان بێدەنگ بێت کارەساتێکی گەورە لە کۆبانێ ڕوو دەدات.

مانگی سووری کوردی لە بانگەوازێكی خێرادا، داوای فریاكەوتنی خێرای مرۆیی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەكات. نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لە خراپتربوونی دۆخەكە لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆکان.

فەرحان حەق، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دۆخە ناهەموارەکەی كۆبانێ نیگەرانی كردووین، دۆخی مرۆیی تادێت خراپتریش دەبێت.  هاوكاریمان گەیاندووەتە ناوچەكانی دیكەی شەڕ، لەوانە؛ حەسەكە و ڕەققە و دێرەزوور، داوای ڕێڕەوێکمان کردووە بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کۆبانێ.

کۆبانێ دەکەوێتە سەر سنووری سووریا و تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 400 هەزار کەسە، ڕووبەرەکەی زیاتر لە سێ هەزار کیلۆمەتر دووجایە.

ھەواڵی زیاتر