گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ کوردستان کارێکی مەترسیدارە

ئەمریکا بڕیاری داوە حەوت هەزار زیندانیی داعش لە کەمپ و زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بگوازێتەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، شارەزایەکی سەربازی ئەم کارە بە مەترسی دەزانێت.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 21-01-2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بڕیاری دا حەوت هەزار زیندانی داعش لە کەمپ و زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بگوازێتەوە بۆ عێراق.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت، شارەزای سەربازی ڕایگەیاند، سنوورەکانی عێراق و سووریا لە مەترسیدان، بڕیاری گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش مەترسیدارە و داهاتوویەکی ترسناک بۆ ناوچەکە دروست دەکات، چونکە بەشێک لە زیندانەکان خەڵکی عێراقن.

گوتیشی: لە زیندانی ناسرییە شوێن نەماوە بۆ وەرگرتنی ئەو زیندانییانە، ناوی زیندانییەکانی سووسێ و چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی ئەو زیندانییانە، چونکە ئەو دوو زیندانە سەر بە وەزارەتی دادی عێراقن و ئەوان سەرپەرشتی دەکەن، لە ئەگەری گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەو دوو شوێنە، مەترسییەکە زیاتر دەکات.

بە گوتەی لیوا عەبدولخالق تەلعەت، گواستنەوەی زیندانییەکان بڕیارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە ڕێکاری یاسایی و ئەمنی تایبەت هەیە، لەبەرئەوەی عێراق ئامادەباشی کردووە سنوورەکانی بە بەرد و تەلەبەند و هێزی ئەمنی تووند کردووە، هێزێکی زۆر ڕەوانەی سەر سنوور کراون.

ھەواڵی زیاتر