هەسەدە لە بەنداوی تشرین کشایەوە

کەناڵی فەرمی سووریا ڕایدەگەیەنێت، لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە سووپای عەرەبیی سووریا چوونەتە نێو بەنداوی تشرین و ئیدارەی بەنداوەکەیان وەرگرتووەتەوە.

لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە 14خاڵیەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، هەسەدە لە فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای حەلەب دەکشێتەوە، بەنداوی تشرین دەکەوێتە ئەو پارێزگایە و بەیانی ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، سوپای سووریا چوونەتە ناو بەنداوەکە.

بەنداوی تشرین لەسەر ڕووباری فوڕات دروستکراوە، یەک ملیار و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، کارەبا بۆ مەنبج و شارۆچکەی کۆبانێ و دەیان گوندی ئەو ناوچەیە دابین دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی بچێتە دیمەشق و گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە بکات. بەپێی ڕێککەوتنەکە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات و شارە کوردییەکان تایبەتمەندیان لەبەرچاو دەگیرێت و هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێت.

وەرگرتنی ئیدارەی بەنداوی تشرین لەلایەن سوپای سووریاوە لە کاتێکدایە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە ناوچە گەرمەکانی ڕووبەڕووبونەوە بووە لە نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبی سووریا.

ھەواڵی زیاتر