ئیلهام ئەحمەد: کۆمەڵکوژی لە حەسەکە نەکراوە
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتدەکاتەوە کە باس لە کۆمەڵکوژیی حەسەکە دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، بەتەواوی هەڵبەستراون و داوا لە هاووڵاتیان دەكات، دوای دەنگۆکان نەکەون.
لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە نوێیەكەی نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەكاندا، وەزارەتی بەرگریی سووریا، هێزەكانی سوپای ڕاسپارد، سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزن و ئامادەكاریش بكەن بۆ كردنەوەی ڕێڕەوێكی ئارام بەمەبەستی گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەكانی خۆیان.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕایگەیاند، “سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە کۆمەڵکوژی لە حەسەکە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و بەتەواوی هەڵبەستراون.”
ڕوونیشی كردووەتەوە، “ئەم چەواشەکارییانە لەلایەن گرووپە تووندڕەوەکانی هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا بڵاودەکرێنەوە، بە مەبەستی تێکدانی ئاگربەست و نانەوەی گرژیی عەشایەری و زەمینەسازی بۆ هێرشکردنە سەر حەسەکە و کۆبانێ. بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لەوپەڕی وریاییدا بن و نەكەونە داوی دەنگۆكان”.
وتەبێژی ئیدارەی خۆسەر دووپاتی دەكاتەوە، ئەوان پابەندی ئاگربەستن و کار دەکەن بۆ یەکخستنی تەواوەتی هێزەکان لە حەسەکە.