مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆدەبنەوە
بڕیارە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بچێتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆببێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە 14 خاڵییەی لە نێوان هەردوولادا واژوو کراوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 18-01-2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لەبارەی ئاگربەست و تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە بە دامەزراوە سەربازییەکانی حکومەتی سووریا، ڕێککەوتنامەیەکی بە واژووی خۆی بڵاوکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوانیان جەخت لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە دەکرێتەوە، کە گرنگترینیان یەکخستنی هێزە سەربازییەکان و تێکەڵکردنی هەسەدەیە لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریادا، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی ئیدارەی خۆجێیی بۆ پارێزگای حەسەکە و دانانی پارێزگایەکی کورد بۆ ئەو شارە، هەروەکو لە ڕێکەوتنە 12 خاڵییەکە هاتووە.
هاوکات هەردوولا باس لە جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکان، بەتایبەت کورد و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی سرووشتی و داهاتی نەوت و گاز دەکەن وەک بنەمایەک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکسانی دابەشکردنی سامان.
بڕیاربوو دوێنێ مەزڵووم عەبدی بچێتە دیمەشق، بەڵام ئەحمەد شەرع وتی، بەهۆی خراپی ڕەوشی کەشوهەواوە نەیتوانیوە سەردانی دیمەشق بکات.