سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستپێدەکات و 100 لیتر بە 31 هەزار دینار دابەش دەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2026، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، “دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە، ئەگەر بڕی ئەو نەوتەی بۆمان هاتووە بەشی کرد، جارێکی دیکەش بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشی دەکەینەوە.”
ئاری کاکەشین، دەشڵێت: تاوەکو ئێستا دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستی پێنەکردووە،: “یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە لە سەنتەری شاری هەولێر دەستپێدەکات.”
هەروەها وتیشی: “سەرەتا لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێرەوە دەستپێدەکەین، بۆ ئەوەی ئەوان سوودمەند بن و لە بەنزینخانەکان وەریدەگرن”.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات، بەرمیلێکی بە 105 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان. “ئەمجارە 100 لیتر بە 31 هەزار دینار بۆ سەنتەری شاری هەولێر دابەشدەکرێت.”
پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێویستیان بە 100 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیترە. بە گوێرەی دوایین راپۆڕتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە پارێزگای هەولێر 25 ملیۆن و 244 هەزار لیتر نەوت بەسەر زیاتر 176 هەزار و 220 خێزان دابەشکراوە؛ لە ئیدارەی سۆرانیش 17 ملیۆن و 509 هەزار و 400 لیتر بەسەر زیاتر لە 87 هەزار خێزان دابەشکراوە.