شەڕ لە نێوان هەسەدە و سوپای سووریا سەرهەڵدەداتەوە

سوپای عەرەبی سووریا، هەردوو ناوچەی مەسکەنە و دێر حافر لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب وەک “ناوچەی سەربازی داخراو” ڕادەگەیەنێت و ئەمەش ئامادەکارییە بۆ دوورخستنەوەی تەواوەتیی هەسەدە لەو ناوچەیە.

مەسکەنە و دێر حافر خاڵی ستراتیژین و وەک پردی پەیوەندی لە نێوان حەلەب و ڕەققە دەبینرێن. چۆڵکردنی ئەم ناوچانە لە لایەن هەسەدەوە، واتا کشانەوەی هێزە کوردییەکان بۆ دواوەی هێڵە بەرگرییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی فوورات و نەمانی دەسەڵاتیان بەسەر ئەو ناوچە عەرەبنیشینانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵیاندا مابوونەوە.

دەستەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای عەرەبی سووریا ڕایگەیاند: “بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە گرووپە چەکدارەکان دەکەین ئەم ناوچانە وەک پێگەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانیان بەکاربهێنن؛ پاراستنی سەروەریی خاک و گیانی هاووڵاتیان لە پێشینەی کارەکانمانە.”

– دەستەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بڕیاریشی داوە هەردوو ناوچەی مەسکەنە و دێر حافر لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب وەک ناوچەی سەربازیی داخراو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

– هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد، بۆ پاراستنی گیانیان لە بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچانە دوور بکەونەوە، سوپا جەختیشی کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە گرووپە چەکدارەکان دەکات کە ئەو ناوچانە وەک پێگەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانیان بەکاربهێنن.

ئەم هەوڵەی دیمەشق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە، جارێکی دیکە گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان سوپای سووریا و هەسەدە دەکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر