بەم نزیكانە بەغدا بڕیار لەسەر دابەش كردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەدات و پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش دەنێرێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: ”تائێستا بەغدا پارەی گەنمی جووتیارانی لە هیچ پارێزگایەكی عێراقدا دابەش نەكردووە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت، بەم نزیكانە بڕیاری لەسەر بدرێت و پارەكە بنێردرێت”
وتیشی: ”پرسی پارەی گەنمی جووتیاران وەك فۆرمی خۆراك وایە، پرسێكی مەركەزییەو بەغدا خۆی تەسەڕووفاتی پێوە دەكات و دەسەڵاتی فیدراڵییەو لەو ڕووەوە هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی یاسایی و دەستووریی نیەو پارهی گهنمی جووتیاران، له ساڵهكانی 2017و 2018و 2019 بهبێ كێشه نێردراوه”
ئاماژەی بەوەش كرد: ”خەرج كردنی پارەی گەنمی جووتیاران پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراقە، پاشان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی دەكرێت و لیژنەیەك هەیە پارەكە بەسەر هەموو پارێزگاكانی عێراقدا دابەش دەكات و شێوازی دابەش كردنی پارەكەش لەسەر ئەو بنەمایەیە، هەر جووتیارێك زووتر گەنمەكەی ڕادەست كردبێت، زووتر پارە وەردەگرێت”
ئەمساڵ عێراق 390 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. لە کاتێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە دوو ملیۆن تۆن زیاتر بووە. بەو هۆیەوە گەنمێکی زۆری جووتیاران ماوەتەوە و جووتیاران نازانن لە کوێ ساغیبکەنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی لە ماوەی رابردوودا دوو بیرۆکەیان بۆ ساغکردنەوەی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە هەبوو.
رۆژی 10ی ئاب پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سێ کۆمپانیادا واژۆکرا. لەمەودوا ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆ لە جووتیار دەکڕنەوە.