سێ بەنداوی سنووری کۆیە سەرڕێژ بوون

بەڕێوەبەری ئاودێریی قەزای کۆیە ڕایدەگەیەنێت، بەنداوی سماقووڵی و دوو بەنداوی دیکەی سنوورەکە سەرڕێژ بوون. بۆ پاککردنەوەی بەنداوەکان لە قوڕ و لیتە، داوای بودجەی تایبەتیان کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 03-01-2026، نەوا محەممەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی قەزای کۆیە لەبارەی کاریگەریی شەپۆلەکەی ئەم دواییەی بەفر و باران لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکانی سنوورەکە بە مستەفا گۆران، رایگەیاند، بەنداوی سماقووڵی سەرڕێژ بووە و توانای گلدانەوەی هەشت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و ئاودێریی نزیکەی هەزار دۆنم زەوی لەسەرە. 

بەگوتەی نەوا محەممەد، جگە لە سماقووڵی، سێ بەنداوی گەورەی دیکە لە سنووری کۆیە هەن کە بریتین لە بەنداوەکانی شەوگێڕ، دێگەڵە و حەمامۆک کو ”دووانیان سەرڕێژیان کردووە، بەڵام بەنداوی حەمامۆک بەهۆی ئەوەی بە تەواوی وشک ببوو، ئێستا نزیکەی مەترێکی ماوە بۆ سەرڕێژبوون”.

گوتیشی، کۆی بەنداوەکانی سنووری قەزاکە، توانای گلدانەوەی 16 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە و رایگەیاند: ”ئەم ساڵ جووتیاران دەتوانن بەهۆی سەرڕێژبوونی بەنداوەکان و زۆریی ئاوەوە دڵخۆش بن.”

دوای شەپۆلەکەی بەفر و باران، بەنداو و گۆمەکانی سنووری کۆیە پڕ بوون لە قوڕ و لیتە و ”داوامان کردووە بودجەیەک بۆ خاوێنکردنەوەیان دابین بکرێ، ئەو کاتە بڕێکی زۆر زیاتر لەوەی کە هەیە، ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە”.

بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە 01-01-2026 دراوەتە رووداو، لە یەک مانگی رابردوودا بەهۆی شەپۆلەکانی بارانبارینەوە، نزیکەی 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوە گەورەکان گلدراوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر