به‌رتیل وه‌رگرتن، شۆفێرانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدای بێزار كردووه‌

ئه‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، بار بۆ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ده‌به‌ن، به‌رتیل وه‌رگرتن له‌ بازگه‌كانی عێراق بێزاری كردوون.

عه‌بد عه‌لی كه‌ شۆفێری بارهه‌ڵگره‌و ماڵی له‌ شاره‌دێی كوڵه‌جۆی گه‌رمیانه‌، به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشي وت: “له‌ كاتێكدا گومرك ده‌ده‌ین و مامه‌ڵه‌ یاساییه‌كانمان ته‌واو كردووه‌، كه‌چی له‌ بازگه‌كان ڕاده‌گیرێین و گێچه‌ڵمان پێ ده‌كرێت”

وتیشی: “له‌ هه‌ر بازگه‌یه‌ك ٢٥ تا ٥٠ هه‌زار دینارمان لێده‌سێنن وه‌كو به‌رتیل، تا ده‌گه‌ینه‌ به‌غدا٣٠٠هه‌زارمان ده‌ڕوات”

لای خۆشیه‌وه‌ ئازاد حه‌مید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “به‌رتیل وه‌رگرتن له‌ هه‌موو بازگه‌كانی عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ گرفتێكی گه‌وره‌یه‌و چاره‌سه‌ری ئاسان نیه‌”

مانگی ڕابردوو هێزێكی عێراق هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر بازگه‌یه‌ك له‌ نزیك شارۆچكه‌ی خورماتوو، به‌ تۆمه‌تی به‌رتیل خواردن‌ تۆمه‌تباری كردن، به‌ڵام دواتر بازگه‌كه‌ دانرایه‌وه‌و كارمه‌نده‌كان ئازاد كران

ھەواڵی زیاتر