سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و کاندیدی کورد بۆ ئەو پۆستە تاوتوێ دەکرێت. پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باس دەکرێت، هاوکات پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، حکومەتی نوێی عێراق، دۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ دەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆككۆمار ئامادەکاریی کردووە، نزار ئامێدی، بەربژێری ئەو حیزبە دەبێت بۆ پۆستەکە.
لەلایەکی دیکەوە و نوێنەرانی لەتیف ڕەشید و ئاسۆ فەرەیدوون، لەڕێگای ئەمیندارییەتی پەرلەمانەوە فۆڕمی وەرگرتووە.