مەسرور بارزانی: پێویستە بەرژەوەندیی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک

بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانییان دەکات، هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازێت.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندان دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو، لە هەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو.

بە پشتیوانیی خودای مەزن و خۆڕاگریی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ساڵی ڕابردوو، توانیمان چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتیش دابینکردنی کارەبای بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگەوبان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان.

هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکهێنانی کراوە.

پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک.

هەروەها ئومێدەوارین کابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەکی نزیکدا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پێکبهێنرێت.

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن.

ھەواڵی زیاتر