لە شەوی هەینییەوە تاوەکو ئەمڕۆ زۆرترین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باریوە و سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش داوا دەکات گەشتیاریان سەردانی ناوچەکان نەکەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: “بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە، رێگەکانی دیکەش ئاستەنگیی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: “رێگەکانی مێرگەسۆر و هەموو ناوچەکانی دیکەی سنوورەکەمان بەفریان لێباریوە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین تاوەکو بتوانن رێگەکان بەکارنەهێنن و ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە”.
هەڵگورد شێخ نەجیب داوای لە هەموو هاونیشتمانییان کرد، “هیچ کەسێک بۆ گەشتیاری سەردانی ناوچەکانمان نەکات و ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە، تیمەکان سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی رێگەکەن و ئەگەر گەشتیاران بچن تووشی ئاستەنگی دەبن و تیمەکانیش بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: “ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان بۆ رێگەی بەفر شیاو نین، تایەکانیان شیاو نییە، رێگەکانیش مەترسیدارن و دەبێ هاونیشتمانیان هۆشیاربن”.
رێگەی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە.
هاتووچۆ لە رێگەی دەروازەی کێلێ بەتەواوی داخراوە، بەفری زیاتر لە دیوی ئێرانەوە باریوەو رێگەکەی گرتووە”.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەفر و باران تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێوەی بەردەوام دەبێت.