سبەی یەکشەممە دوو تۆمەتباری جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دادگایی دەکرێن، لە دادگاییەکەدا شەش دادوەر و کەسوکاری جینۆسایدکراوەکان ئامادە دەبن.
تیمی پارێزەرانی تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تاوەکو ئێستا ناوی 61 تۆمەتباریان خستووەتە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سبەی دووانیان دادگایی دەرکرێن.
د. ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەیسی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ڕایگەیاند”دوو تۆمەتبار دادگایی دەکرێن کە پلەیان لیوا بووە لە (ئەمن)، بە ناوەکانی سەعدوون سەبری جەمیل، شاکر تەها غەفوور و دەستیان لە بێسەروشوێنکردن و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان هەبووە لە بیابانەکانی ئەنبار، فەلوجە و ناوچەی سەقلاویە بیابانی شەیحیا.
بەگوتەی پارێزەری کەیسەکە، یەکەمینجارە تۆمەتبارانی ئەو جینۆسایدە دادگایی دەکرێن، کە خۆیان دانیان بە تاوانەکە ناوە، شەش دادخواز کە کەسوکاری جینۆسایدکراوەکان لە دانیشتنی دادگا ئامادەدەبن و وتەیان لێوەردەگیرێت، دواتر دادگایی تۆمەتباران دەستپێدەکات.
ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە 03-05-2011 لە دادگای باڵای تاوانی عێراق بە جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناسێنرا، چونکە لە ساڵانی 1975 و 1978 بەشێکی بارزانییەکان ڕاگوێزراون بۆ ناوچەکانی دیکە، کە ئەمە تاوانی دژە مرۆڤایەتی بوو بەپێی ماددەی 12 لە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2005، هەروەها ساڵی 1983 هەشت هەزار بارزانی جینۆساید کران، بەپێی هەمان ماددە بە جینۆساید ناسراوە.
ساڵی 1983 لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێراندا، هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە جینۆسایدکران، بەشێكیان لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی قوشتەپە و بەحركەی هەولێر دەستگیركران و لە بیابانەكانی عەرعەردا زیندە بەچاڵكران.