سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی (ئەلتەتبیع) لە عێراق دەکات و ئەوەش کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، شەوی ڕابردوو لە کەنیسەیەکی شاری بەغدا بەشداری جەژنی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت) کرد کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تێیدا ئامادەبوو.
كاردیناڵ لویس ساكۆ ڕایگەیاند، جەنابی سەرۆکوەزیران (محەممەد شیاع سوودانی) ئێستا قسە لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی (ئەلتەتبیع) دەکرێت، ئومێدەوارم حکومەتی داهاتووی عێراق گرنگی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لە عێراق بدات، چونکە عێراق وڵاتی ئیبراهیم و پێغەمبەرانە، پێویستە هەموو جیهان بێتە عێراق نەک ناوچەیەکی دیکە.
دوای ئەوە محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، وشەی ئاساییکردنەوە (ئەلتەتبیع) زیاتر بۆ پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت “کە وڵاتێکی داگیرکەرە و ئاساییکردنەوە لەگەڵیدا بوونی نییە”، بەڵام ئەوەی عێراق پێویستییەتی برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیان. پابەندبوونی شەرعی، یاسایی و دەستووریش ئەم پەیوەندییەی (لەگەڵ ئیسرائیل) ڕێکخستووە.
دوای فراوانبوونی کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەم بابەتە، کەنیسەی کلدانی لە عێراق ناچاربوو ڕوونکردنەوە لەبارەی قسەکانی لویس ساكۆ بدات. لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لویس ساکۆ مەبەستی ئەوەبووە دەبێت هەمووان لەگەڵ عێراق پەیوەندییان ئاسایی بکەنەوە نەک وڵاتێکی دیکە، ئەم ئاراستەیەی وڵاتانیش بەرەو عێراق کەرتی گەشتیاریی وڵاتەکە دەبووژێنێتەوە.
ئەمە کاردانەی بە دوای خۆیدا هێنا و موقتەدا سەدر، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەناد، یاسای عێراقی سزای بۆ هەر کەسێک داناوە کە باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بکات یان داوای بکات، ئەو کەسە هەر کەسێک بێت لە سزادان پارێزراو نابێت، داوا دەکەن لایەنە فەرمییەکان دەستبەجێ بەئەرکی خۆیان هەڵسن.
دەشڵێت لە عێراق هیچ شوێنێک بۆ ئاساییکردنەوە و شەرعییەتدان بە ڕەوایەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نییە.
لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2022، سزای بۆ هەر کەسیک داناوە کە داوای پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.