ساڵی نوێ قەرەبووی خاوەن زەوییەکانی پشتێنەی سەوزایی هەولێر خەرج دەکرێت

ڕێککارە یاسایی و داراییەکانی قەرەبووکردنەوەی خاوەنی دامەزراوە و زەوییەکانی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەواوکراوە و قەرەبووەکە دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە.

لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بەشێک لە زەوی، کارگە و کۆگای هاونیشتمانیان کەوتنە نێو پڕۆژەکەوە، دوای خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، نزیکەی هەشت ملیار دینار تەرخان دەکرێت بۆ ئەو کەسانە، ئەوانەشی زەویان بەرکەوتووە دواتر قەربوو دەکرێنەوە.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، “128 کەس بەهۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی قەرەبوو دەکرێنەوە، کە 96 کەسیان دامەزراوەیان بەرکەوتووە و بە پارە قەرەبوو دەکرێنەوە، چەکی بانکی سەرجەمیان تەواو بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵی دارایی کۆتایی دێت، بۆیە لە ساڵی نوێ قەرەبووەکەیان خەرج دەکرێت.”

پشتێنەی سەوزایی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەم کردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی دادەنرێت، لەو پڕۆژەیە ملیۆنان دار لە دەورووبەری شارەکە دەچێندرێن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پۆندی گلدانەوەی ئاو دروست دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر