پارێزگاری هەولێر لەسەر هێرشکردنە سەر سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە دێتە دەنگ و ڕایدەگەیینێت: ئەو جۆرە کارانە لە سنووری هەولێر بۆ هیچ کەسێک ناچێتە سەر.
شەوی ڕابردوو میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە و ڕۆژنامەنووسی دیاری یەکێتیی لەلایەن هێزێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕفێندرا.
لەوبارەیەوە میران بەکر، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند: چەند چەکدارێک هەڵیانکووتایە سەرم، بە شەق و بۆکس لێیان دام. دواتر وتیان هەڵەمان کردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئێمە ئەو بابەتەمان لە ڕێگەی میدیاکانەوە زانیوە، کارێکی نەگونجاوە کە هێزێکی یەکێتی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردوویانە و بەدەرە لە یاسا. تەنیا دامەزراوە فەرمییەکانی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ، ئەویش لەچوارچێوەی ڕێکارەکانی یاسایی کە دادوەر بڕیار بدات، ئەو کارانە دەکرێت.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، بۆ هیچ هێزێک نییە بەو جۆرە ئارامی هەولێر بشێوێنێت. میران بەکر سیفەتێکی فەرمی هەیە و فەرمانبەرە لە وەزارەتی پێشمەرگە. هەروەها هۆکاری ڕووداوەکە نازانین و بەدواداچوون دەکەین، بەڵام هاووڵاتیان و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەو جۆرە کارانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ هیچ کەسێک ناچێتە سەر.