وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بایی 100 ملیۆن دینار پێداویستیی قوتابخانەکان و 85 هەزار پەرتووکی نوێی خوێندنمان بۆ پەروەردەی چەمچەماڵ دابین کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە، 17-12-2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “وەزارەتەکەمان رەزامەندی بودجەی بۆ هەموو پارێزگاکان ناردووە، بۆ ئەوەی قوتابخانە دروست بکرێت یان نۆژەن بکرێنەوە.
بە گوتەی ئالان حەمە سەعید، بە پشتیوانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی سنووری چەمچەماڵ دابین کرد، بەپێی دەرخستەی تیمی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی نۆژەن کردنەوەی ئەو قوتابخانانە پێویستی بە 130 ملیۆن دینارە، ئەمڕۆش ئەم بڕە پارەیەمان لە هەولێر هێناوە، بە کاش ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کرا، تاوەکو ئەو قوتابخانانەی نۆژەن بکرێنەوە کە زیانیان بەر کەوتووە.
ئالان حەمەسەعید سوپاس و پێزانینی بە مامۆستایانی قەزای چەمچەماڵ ئەو کەسانەش بەخشی کە هاوکاریی مامۆستایان و قوتابیان بوون لە ڕۆژی لافاوەکەدا. هەروەها گوتی: ئەمڕۆ پارەی پێویست دەدرێتە پەروەردەی سلێمانی و بەزووترین کات پێداویستییەکانی قوتبخانەکانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ جێبەجێ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا قوتابخانەی قەندیل لە تەکیە، لە لافاوەکەدا تووشی زیان بووە، لەسەر ئەرکی دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن نۆژەن دەکرێتەوە. هاوکات وەزارەتی پەروەردە وەک هەنگاوی یەکەم لە سنوورەکە، پێداویستیی خوێندنی بۆ 2000 قوتابی ئامادە کردووە، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: ئەمڕۆ پێیان دەدرێت.