پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستپێدەکەنەوە و تەنیا دابەشکردنی پۆستەکان ماوە.
وا بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، شاندی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمت کوردستان بکەن.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ دەست پێدەکات، شاندی پارتی لە هۆشیار زێباری، دڵشاد شەهاب، پشتیوان سادق پێکدێت، شاندی یەكێتی لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، شاڵاو شێخ سەڵاح و ڕێواز فایەق پێکدێت.
چەند ڕۆژ پێش ئێستا مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لەم دۆخەی ئێستا پێمان باشە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ هەر لای پارتی بمێنێتەوە، گوتیشی: لە كۆبوونەوە نافەرمییەکەی هەفتەی ڕابردووی شاندی پارتی و یەكێتی بڕیاریاندابوو كە چەند ڕۆژێك بوار بەیەك بدەن و هەندێك كار هەیە بیكەن ئینجا كۆببنەوە.