کۆمپانیایەک داوای جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی کارەبا دەکات بە وزەی خۆر
کۆمپانیایەکی تورکی داوای جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی 25 مێگاواتی بە وزەی خۆر دەکات لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 08-12-2025، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا پێشوازیی لە سەڵاحەدین یڵدز، سەرۆکی کۆمپانیای هاسیلیی تورکیا کرد.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و بەرهەمهێنان و دابەشکردن ئامادەبوون باس لە دانانی پڕۆژەیەکی 25 مێگاواتی کارەبا بە وزەی خۆر کرا. وەزیری کارەبا ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی بەتایبەتی لە بواری وزەی پاک.
دواتر هەموو داتاو زانیارییەکی پێویست و ڕێنماییەکانی وەزارەت لەم بوارەدا پێشکەش بە کۆمپانیاکە کرا.
کۆمپانیای ناوبراو لە وڵاتی تورکیا 1000مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنێت و گرێبەستی بۆ 500 مێگاواتی دیکە کردووە، لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە پڕۆژەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێ دەدەن.