سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەکە ڕادەگەیێنێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دووز خورماتوو، ( سێ )بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە شاری کەلار دەستگیرکرد.
ئەوەش هاتووە، لەڕۆژ 01-12-2025، لە شاری کەلار، لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەخت و چاودێری ورد و بەدواداچوون، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گەرمیان، توانرا سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکرێن و دەستبەسەر بڕی چوار کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری تلیاك، یەک کیلۆ و سێ سەد گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و سێ هەزار دەنک حەبی هۆشبەردا بگرن.
بەپێی ڕاگەێنراوەکە، لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 26 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.