وەزارەتی ئەوقاف ئامادەكاری بۆ ساڵی 2026 دەست پێكرد

گوتەبێژی حەج و عومرە: هەمیشە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە جەخت لەوە كراوەتەوە كە بە باشترین شێوە خزمەتی حاجییانی كوردستان بكەین

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئامادەكارییەكانی بۆ حەجی ساڵی 2025 دەست پێكرد و لەمبارەیەوەش گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان ڕایگەیاند، كە هەمیشە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە جەخت لەوە كراوەتەوە، كە بە باشترین شێوە خزمەتی حاجییانی كوردستان بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 21ـی 9ـی 2025، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە “لەسەر ڕاسپاردەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەریەک لە کاروان ستوونی، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان و سیروان عەبدولڕەحمان، نوێنەری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی دەستنیشان کراون تاوەکوو شانبەشانی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق بەدواداچوون و سەردانی ئەو ئۆتێلانە بکەن کە بۆ ساڵی داهاتوو لە شاری مەدینەی پیرۆز بۆ حاجییانی عێراق و کوردستان دەستنیشان دەکرێن لەگەڵ چاودێریکردنی ئەو خواردنەی کە بۆ حاجییان ئامادە دەکرێت.”

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕوونیشی كردووەتەوە، كە ساڵانە ئامادەکاری باش دەکات تاوەکوو بە باشترین شێوە خزمەتی حاجییانی کوردستان بکرێت و “پارساڵ و ساڵانی ڕابردووش گەواهیدەری ئەو ڕاستییە بوون کە حاجییان بە چ جۆرێک خزمەت کراون و خزمەتگوزارییان پێشکەش کراوە.”

لەسەر ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی حەجی ساڵی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ڕاگەیاند: “بە سوپاسەوە ئەمساڵ لەلایەن د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕاسپێردراوین بۆ ئەوەی ئەو خزمەتە پێشکەش بە حاجییان بکەین، بۆیە هەر سبەی 22ـی 9ـی 2025، بەرەو شاری مەدینە بەڕێ دەکەوین بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو 2026.”

گوتەبێژی حەج وعومرەی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە هەمیشە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینییەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە بە باشترین شێوە خزمەتی حاجییانی کوردستان بکەن، لەمبارەیەوەیش گوتی: “سەرکەوتنی گەورەمان بەدەست هێناوە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو پشکی شێری ئەو خەڵاتەمان بەرکەوتووە کە سێ ساڵە شاندی حاجییانی عێراق لەسەر ئاستی هەموو شاندی وڵاتان خەڵاتی لبیتم وەردەگرێت وەکوو باشترین شاندنی حاجییان.”

جێی باسە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی – بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان بە شێوەیەکی كارا ساڵانە دەست بە ئامادەکارییەکانی وەرزی حەج و عومرە دەکات، هەر ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەروازەی حەجی ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە ناونووسینی حاجییان بە شێوەی ئەلیکتڕۆنی بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ئەوەش كارئاسانییەكی زۆری بۆ حەجخوازان كرد، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانترین شێوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن.

ھەواڵی زیاتر