حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو لە كەمكردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ

كامێرای چاودێریی خێرایی و چاككردنی ڕێگەوبانەكان لە دیارترین هۆكارەكانن

لە كاتێكدا پێشتر گیان لەدەستدان بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ لە دیارترین هۆكارەكانی كۆچی دوایی مرۆڤەكان بوون لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئەنجامی چەند پرۆژەیەكەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو لە كەمكردنەوەی قوربانییانی رووداوەكانی هاتوچۆ.

ئەمڕۆ شەممە 13ی ئەیلوولی 2025، ڕووداوێكی هاتوچۆ لە شەقامی بازنەیی ناو شاری كەركووك رووی دا و بەهۆی شەش كەس گیانیان لەدەست دا و چەندان كەسیش بریندار بوون. بەم هۆیەشەوە هەر لە شوێنی رووداوەكەوە عەقید عامر نەریمان، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی كەركووك بە میدیاكانی راگەیاند كە تەنیا چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ، دانانی كامێرای چاودێریی خێراییە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان.

ئامارەكانی رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان

بەپێی بەدواداچوون، پێشتر رووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان زۆرترین كەسیان دەكردە قوربانی، بە جۆرێك كە لە ساڵی 2018دا لە شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان 4.476 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و بەهۆیەوە 5.879 كەس بوونەتە قوربانی كە 705 كەسیان گیانیان لەدەست داوە.

تەنیا لە ساڵی 2022، بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان 445 كەس گیانیان لەدەست داوە. تەنانەت لە حەفت مانگی یەكەمی ساڵی 2023شدا تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، 92 كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

هەر بە گوێرەی بەدواداچوون، ژمارەی رووداوەكانی هاتوچۆ لە ساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵانی پێشتر، ئێجگار كەم بووەتەوە، بە جۆرێك كە لەو ساڵەدا لە تەواوی هەرێمی كوردستان 779 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و لە ئەنجامدا 98 كەس گیانیان لەدەست داوە، بەم جۆرەش بەراورد بە ساڵی 2022، ژمارەی قوربانییەكان بۆ كەمتر لە یەك لەسەر چوار دابەزیوە. پێشبینیش دەكرێت لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی قوربانییەكان زیاتر كەم ببێتەوە.

پلانەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پلانێكی هەمەلایەنەوە، سەركەوتوو بوو لە كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانیانی رووداوەكانی هاتوچۆ كە بەم جۆرە كاری لەسەر پلانەكەی كردووە:

  • دانانی كامێرای هاتوچۆ: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نێو شار و لە دەرەوەی شارەكانیش ژمارەیەكی زۆری كامێرای چاودێری و پێشكەوتووی بۆ چاودێریكردنی خێرایی ئۆتۆمبێلەكان داناوە، ئەمەش وایكردووە كە شۆفێران پابەند بن بەو خێراییەی بۆیان دیاریكراوە، كامێراكان لە هەموو شار و شارۆچكەكان كاران، تەنانەت كامێرای نێوان شارەكانیش بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ) كار دەكەن كە ئەمەش وایكردووە شۆفێران لەو شوێنانەش كە كامێرا نابینن، نەتوانن خێراییان زیاتر بكەن لە خێرایی رێگەپێدراوی شەقامەكە، ئەمەش هۆكارێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ.
  • باشتركردنی ژێرخانی ڕێگەوبان لە هەرێمی كوردستان: بەپێی بەدواداچوون، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دروستكردنی شەقامی نوێ و نۆژەنكردنەوەی شەقامە كۆنەكان و بە جووتسایدكردنی شەقامەكان، هەروەها دانانی هێمای هاتوچۆ و باشتركردنی رووناكیی شەقامەكان، ڕۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ.

هەر لەم چوارچێوەیەدا لە بواری رێگەوباندا ⁠717 پرۆژەی تەواو كردووە، ⁠402 پرۆژەش لەژێر جێبەجێکردندان. ⁠2,618 کیلۆمەتر ڕێگای نوێی لە دەرەوەی شارەکان دروست كردووە و ⁠نزیکەی 2,000 پرۆژەی دروستكردنی شەقامی ناوخۆییشی جێبەجێ كردووە. بە گشتی، بە بەهای زیاتر لە شەش ترلیۆن دینار وەبەرهێنانی لە بواری ڕێگەوباندا كردووە، ئەمەش ڕۆڵێكی سەرەكی گێڕاوە لە كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، چونكە بەشێكی بەرچاوی رووداوەكانی هاتوچۆ پێشتر بەهۆی خراپیی رێگەوبانەكان روویان دەدا.

چاوەڕوان دەكرێت لە ئاییندەدا، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەی دیكەش كە لەژێر دروستكردندان، رووداوەكانی هاتوچۆ زیاتر كەم ببنەوە.

  • زیادكردنی سەروەریی یاسا لە بواری چاودێریی هاتوچۆ: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پۆلیسی هاتوچۆوە هەوڵی ئەوەی داوە كە سەرپێچییەكانی هاتوچۆ زیاتر كەم بكرێتەوە، سەرپێچیكاران سزا بدرێن، سیستەمی پشكنینی ساڵانە بۆ ئۆتۆمبێلەكان دابنرێت كە بەهۆیەوە كەموكوڕیی ئۆتۆمبێلەكان كەمتر بووەتەوە، ئەمانەش رۆڵیان هەیە لە كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆوە.
  • بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی شۆفێران: حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانێكە لە ڕێگەی بەرنامەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی هۆشیاركردنەوەی شۆفێران دەدات، ئەم هەوڵانە هەم لە قوتابخانەكان و ناوەندەكانی خوێندنەوە فێری خەڵك دەكرێن، هەم لە ڕێگەی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و میدیاییەوە، ئەمەش وایانكردووە كە شۆفێران لە مەترسییەكانی خێرا لێخوڕین هۆشیار بن و سوودەكانی خۆبەستنەوە و پابەندبوون بە سیستەمی هاتوچۆ تێبگەن و پابەندی بن.

لە ڕێگەی ئەم هۆكارانە و چەندان هۆكاری دیكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوانە توانیویەتی رووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە و قوربانیانی ئەم جۆرە رووداوانەش بە هەمان شێوە كەم بكاتەوە.

ھەواڵی زیاتر