ڕۆژی شەممە 5ـی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.
لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان بەناوی خەڵكی هەڵەبجە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە هەوڵەكانی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشتر پێشكەش بە هەڵەبجە كراون.
هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیان لە بەغدا كرد كە پێكەوە هەوڵی جددییان دا بۆ سەرخستنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
هاوکات داوایان كرد سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەكانی خۆی بۆ هەڵەبجە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دەڤەری هەڵەبجە لەڕێی دامەزراوەكانی هەرێم.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و قوربانیدانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا بابەتێكی مەعنەوی و لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترە و بە قوربانیدان و گەورەیی هەڵەبجە بەراورد ناكرێ.
ئەوەشی خستەڕوو، كە بە شانازییەوە خۆی بە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەزانێ و ئەركی دامەزرامەكانی هەرێمیشە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.