چوار بەنداوی گەورە و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت

بەرێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک گوتی “ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی چوار بەنداوی ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن”

فەرھاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند “ھەردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان چوار بەنداوی گەورە و ستراتیژی دروست بکەن، یەکێک لەو بەنداوانە بەنداوی مەنداوەیە و بڕیاری لەسەر دراوە، لەسەر بودجەی عێراق دروست دەکرێت، بۆ ئەومەبەستەش لیژنەی ھونەری لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست کراون بۆ دیاریکردنی شوێنەکان و نوێکردنەوەی بەشێک لە دیزاینەکان، چونکە کۆن بوونە، بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و پڕۆژەکان بکەونە بواری جێبەجێکردن، چونکە ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە.”
بەرێوەبەری بەنداوەکانی دھۆک گوتیشی “دروستکردنی ئەو چوار بەنداوە سودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان لە چەندین کەرت دەبێت، وەکو بەرھەمھێنانی کارەبا، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و زۆر بابەتی دیکە.”
لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەری پێشووی ئاودێری ئاکرێ، ڕەمەزان شەریف، ڕایگەیاند “بەنداوی مەنداوە یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت و کاری باشی لەسەر کراوە و بەنداوێکی گەورەیە و چاوەڕێ دەکرێت یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بگرێت، بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک سودی دەبێت. ئەو بەنداوانە، ڕەنگە پێویستییان بە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ھەبێت، چاوەڕێ دەکرێت کۆمپانیای بیانی ئەو کارە بکەن، چونکە ھەردوو حکوومەت لەسەری ڕێککەوتوون.
حەوزی ئەو بەنداوە دەکەوێتە نێوان ئاکرێ و بەردەڕەش و سنوروی ھەولێر و دەشتی ھەولێر و ھەرسێ قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان سودی لێ وەردەگرن، بۆیە بەدروستکردنی سودی زۆری دەبێت بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی، گەشتوگوزار، بەرھەمھێنانی کارەبا و بەکارهێنانی لەجیاتی ئاوی بیرەکان، بۆیە سودێکی یەکجار زۆری بۆ ئەو ناوچەیە بەگشتی دەبێت.”

ھەواڵی زیاتر