لە دەرەوەی وڵات هاتەوە لێرە دزی دەکات

ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی 4ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی دانیشتووی دەرەوەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە 15ی 4ی 2025، کە بۆ پرسەیەک سەردانی ڕانیەی کردبوو، دواتر ئامادەی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە بوو بە مەبەستی تۆمار کردنی سكاڵا کە بە وتەی خۆی نزیکەی 3 هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕی 7 ملیۆن دیناریی عێراقی لەناو ئۆتۆكبێلەكەیدا بووە و لێی دزراوە.”

بۆ ئەو مەبەستە پۆلیسی ڕاپەڕین پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كردووەتەوە و ڕاشیدەگەیەنێت: “دوای بە داواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاریی پێویست، تواندرا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر ناسنامەی تۆمەتبار بەناوی (ج. ح. پ) لە دایکبووی ساڵی 1985 لە ڕەگەزی نێر و دانیشتووی ڕانیە، كە لەدەرەوەی وڵات دەژی ئاشکرا بکرێت و دەستگیر بکرێت.”

ئاماژەی بەوەش كرد، كە “لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار تواندرا دەست بگیرێت بەسەر پارەی دزراو، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە میانەی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە تۆمەتبار پێشینەی تاوانکاری هەیە و دووجاری تر بە تاوانی دزیکردن بەفەرمانی دادگا حوکم دراوە، سەرەڕای ئەوەش جارێکی تریش بە تۆمەتی تاوانی دزیکردن فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.”

پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەشی خستە ڕوو، كە “دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی تۆمەتبار بە پێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێڕاقی و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.”

ھەواڵی زیاتر