بە ئەلیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك دەستپێدەكات

تیمە تەكنیكییەكانی نێوان بازرگانیی هەرێمی كوردستان و عێراق لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن، بڕیار درا هەفتەی داهاتوو لە یەكەم پارێزگای هەرێمی كوردستان، دەست بكرێت بە دروستكردنی پسوولەی خۆراك بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی.

تا ئێستە لە شەش پارێزگای عێراق بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك دەستی پێ‌ كردووە، بڕیارە لەم مانگەدا پرۆسەكە لە هەرێمی كوردستانیش دەست پێ‌ بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی نیسان، بەپێی بەدواداچوونی “وشە” بازرگانیی هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیاریان داوە هەفتەی داهاتوو لە پارێزگای هەڵەبجە، دەست بكرێت بە دروستكردنی پسوولەی خۆراك بەشێوەی ئەلیكترۆنی.

ئەوەش زانراوە، مامەڵەكە جگە لە پسوولەی خۆراك، كاری تریش دەگرێتەوە، ماوەی دوو ساڵە تۆماری ناوی منداڵ و زیادكردنی لە بەشەخۆراك وەستاوە، ئەوەیش بەهۆی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك بوو و ئەویش دەست پێ‌ دەكاتەوە.

ئەپڵیكەیشنێك ئامادە كراوە لە رێگەی كۆد و ئەپڵیكەشنێكەوە، سەرجەم هاووڵاتییان تۆمار دەكرێن، هەروەها پسوولەی خۆراك نوێ‌ دەكرێتەوە.

هاوكات محەمەد حەنوون گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، كارەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك، بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت و بڕیارە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق پرۆسەكە بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە.

زیاتر گوتی، پرۆسەكە لە قۆناغی نوێكردنەوەی زانیارییەكاندایە، ئێستە لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، میسان، زیقار، ئەنبار، دیوانیە و بابل كارایە، هەروەها بڕیارە لە نزیكترین كاتدا پارێزگاكانی تریش كارا بكرێ .

دوای پارێزگای هەڵەبجە، لە پارێزگای دهۆك دەست دەكرێت بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك و دواتر بۆ هەولێر و سلێمانیش دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر