بەشی زۆری گەنمی ئەم ساڵ لەنێودەچێت

ئەم ساڵ بڕی باران بەراورد بە پار نەگەیشتووەتە نیوە. پسپۆڕانی کشتوکاڵیی و شارەزایانی کەشوهەوا دەڵێن، جگە لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان وشکەساڵییە.

لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵی و شارەزای کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: “ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر و دهۆک مەترسی زۆریان لەسەرە و دانەوێڵە دێمییەکانی هەمووی لەنێوچووە، 40%ـی گەرمیان لەنێو چووە و ئەوەشی ماوە مەترسی لەسەرە. هەندێک ناوچەشمان هەیە پێی دەڵێن بارانی مسۆگەر، وەک ئاکرێ، شەقڵاوە، هەریر، بیتوێن، چەمچەماڵ و دەشتی کۆیە، ئەوانیش تووشی مەترسی وشکەساڵیی بوون و باران نەیەت دانەوێڵەیان لەنێو دەچێت”.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی هەن کە شیاون بۆ دانەوێڵە، ساڵانە زۆرینەیان دەکرێنە گەنم و بەشێکیشی جۆی تێدا دەچێندرێت.

لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵی و شارەزای کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: “ئەم ساڵ وشکەساڵییەکە هێندە تووندە، ئەو شوێنانەشی حەزیان لە باران نییە کێشەیان هەیە و بەشێکی زۆری دانەوێڵەیان لەنێوچووە”.

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم وەرزەی بارانبارینەوە تاوەکو ئێستا لە هەولێر 109.5 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام هەمان رێککەوتی پار  485.3 ملیمەتر باریبوو، ئەمساڵ لە سلێمانی 319 ملیمەتر باریوە، پار 586.1 ملیمەتر باریبوو، لە دهۆک 124.8 ملیمەتر باریوە، پار 724.4 ملیمەتر باریبوو، لە کەرکووک 142.3 ملیمەتر باریوە، پار 256.4 ملیمەتر باریبوو، لە هەڵەبجەش تاوەکو ئێستا 376.4 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام پار 647.3 ملیمەتر باران باریبوو.

کەمبارانی و مەترسی لەنێوچوونی گەنم لەکاتێکدایە، بەرهەمی گەنمی پار زیاتر بوو لە ملیۆنێک تۆن و حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆنی وەرگرت.

محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی گوتی: “هەر سەرەتای وەرزی بارانبارین بە قۆناخێکی سەختی کەمبارانیدا تێپەڕین تاوەکو زستان… هەرچەند بارانبارینمان ماوە، بەڵام هیچ سوودێکی لێ نابیندرێت بۆ ئەوناچانەی بارانیان کەم لێ باریوە، چونکە بارانبارینی کۆتایی وەرز مەترسیدارە، بەتایبەت بارینی تەرزە کە دەبێتە هۆی شکانی ئەو بەشە کەمەی دانەوێڵەش لە ناوچەکان پێگەییون، بەتایبەت لە سنووری کەرکووک، هەولێر و دهۆک”.

تاوەکو ئەمڕۆ، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وشکەساڵی لە هیچ ناوچەیەک رانەگەیاندووە.

ھەواڵی زیاتر