مەسرور بارزانی بەخشینی دارایی بۆ 3 هەزار و 575 ڕزگاربوو راگەیاند

بەخشینی مانگانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە 3 هەزار و 575 ڕزگاربووی دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش داعش.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: “بەخشینی دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبەخشرێتە ئێزدییانی ڕزگاربووی دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش.”

ئاماژەشی بەوە داوە: “بۆ ماوەی 7 مانگە، 2 هەزار و 128 ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش هاوكارییەكە وەردەگرن و پرۆسەی ناوتۆماركردنیش تاوەكوو 3 هەزار و 575 ڕزگاربوو بەردەوام دەبێ.”

ئەوەش خراوەتە روو: “بەخشینی سەرۆكوەزیران بۆ ڕزگاربوانی دەستی داعش هەموو ئەندامانی خێزانی ڕزگاربووی گرتووەتەوە و تەنانەت ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتن هاوكارییەكانیان پێدەگات.”

روونیش کراوەتەوە: “لەو چوارچێوەیەدا لە 5 شوێنی سنووری دهۆك و زاخۆ، بەشێوەی ڕێكخراو و مانگانە بەخشینەكان دابەش دەكرێن و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێ.”

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشی گەیاندووە: “لە مانگی تەممووزی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، پرۆژەكە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوامە.”

جەختیش کراوەتەوە: “ئەم هاوكارییە بەردەوامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سۆنگەی هەستكردنە بەو ئازار و زیانانەی لە هێرشی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا بەر كوردانی ئێزدی كەوتووە و بەوهۆیەوە قوربانیی زۆریان داوە.”

ھەواڵی زیاتر