سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی یەکێتی جەخت لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێ لە زووترین کاتدا دەکەنەوە
سەرۆکی حکومەت ؛
- کۆبوونەوەکانمان ئەرێنی بوون و پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوانماندا هەیە.
- سەرۆکی یەکێتی ؛
- ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە لە زووترین کات حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 3/16 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا .
هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا.
دوای کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە و لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە .
لەم بارەیەوە سەرۆکی یەکێتی گوتی “ کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو ، لەسەر چەند شتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت ڕێککەوتووین . کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوام دەبێت و ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە لە زووترین کاتدا، حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان”.
سەرۆکی حکومەتیش لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە “ئەوە دووجارە کۆبوونەوەی باش و ئەرێنیمان بۆ لەیەک نزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی گشتی. پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لە سەر ئەو بابەتانە هەبووە و ئومێدەوارم ، تیمەکانیش بتوانن هەر بەو ڕوحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵیان خۆش بێت بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوانمان”.