وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەی ڕووناکی پیادە دەکرێ، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێک بە 80 دینار هەژمار کراوە، لەکاتێکدا تێچووی لەسەر حکوومەت 150 دینارە.
دەشڵێت: “نرخەکان بەشێوەیەک دەبن، ڕەچاوی خەڵکی کەمدەرامەت و مامناوەند دەکرێ.”
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “تاوەکوو ئێستا بۆ پڕۆژەی ڕووناکیی کارەبای 24 كاتژمێری هیچ نرخێکی فەرمی جێگیر نەکراوە، ئەوەی ئێستاش پیادە دەکرێ وەکوو ئەزموونە، بە سوودوەرگرتن لە تێچووی کارەبا بەپێی هەر کیلۆ واتێک هەژمار کراوە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەکە پیادە دەکرێ، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆواتێک بە 80 دینار هەژمار کراوە، لە کاتێکدا خۆی 150 دیناری تێچووە، یانی 70 دیناری لەلایەن حکوومەت پاڵپشتی کراوە.”
بەرپرسەکەی وەزارەتی كارەبا ئاشکراشی کرد، ڕەچاوی دۆخی گوزەرانی خەڵک دەکرێت و نرخەکان جیاوازییان دەبێ بۆ خەڵکی هەژار و مامناوەند، گوتیشی: “بەشێوەیەک دەبێ خەڵکی کەمدەرامەت و مامناوەند بە کەمترین خەرجی لە خزمەتگوزاریی کارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بن، ئەوەش لە ئایندە بڕیاری لێ دەدرێت.”
باسی لەوەش کرد، نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دوای تەواوبوونی دیراسەکان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبا بڕیاری لێ دەدرێ. گوتیشی: “ئەو نرخانەی لە هەندێک میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کراونەتەوە دوورن لە ڕاستی و تەنیا شیکردنەوەن، ئەوەی هەیه ئەزموونییە و جێگیر نییە، کە بڕیار دەرچوو نرخەکان و شێوازی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕوون دەکەینەوه.”
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا جەختی کردەوە: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە کەمترین تێچوو خزمەتگوزاریی کارەبا بگەیەنێتە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت و ئامانجیش ئەوەیه کارەبای بەردەوام و 24 كاتژمێری بگاتە هەموو هەرێمی کوردستان.”
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی زیاتر