ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3/10 ,مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووک، لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی میحوەرەکە و جووتیارانی گوندەکانی ناوچەکە ( شەناخە و سەرگەڕان و پەلکانە) بەربانگی کردەوە كرد.
سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی بۆ ناوچەکە بۆ دووپاتكردنەوەی پشتیوانییە بۆ جووتیارەكان و بەسەركردنەوەی پێشمەرگە و دەستخۆشیكردنە لە خزمەتی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە بە شەو و ڕۆژ شەونخوونی دەكەن و ماندوو دەبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە سەربەرزی بژین .
ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :
بەڕێزان زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو ئەو جووتیارە بەڕێزانە و هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەكان دەکەم كە لێرە لەم بۆنەیەدا ئامادەن.
من خۆم بە سەربەرز دەزانم و شانازی دەكەم كە بۆ بەربانگی ئەمڕۆ توانیم بێمە خزمەت ئێوەی خۆشەویست بۆ دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی خۆمان بۆ برا جووتیارەكانمان، هەروەها بۆ بەسەركردنەوەی پێشمەرگە قارەمانەكان و دەستخۆشیكردن لە خزمەتی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە بە شەو و ڕۆژ شەونخوونی دەكەن و ماندوو دەبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە سەربەرزی بژین .
بەڕاستی هەموومان قەرزاری خزمەت و ماندووبوون و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانین، جێی خۆیەتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانیش بنوێنین، كە ئەوان ئەمڕۆ بە جەستە لەگەڵ ئێمە نین، بەڵام دڵنیاین رۆحیان شادە كە پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكێكی خۆڕاگری ئەم وڵاتە لەسەر رێگەکەیان دەڕۆن و ڕێگەكەیان چۆڵ نەكراوە و چۆڵیش ناكرێت.
ئێمە هەموومان ئەو دیمەنانەمان بینی كە چۆن ئەو هێزانە، پەلاماری جووتیارەكانیان دا، دیمەنێكی زۆر زۆر ناشرین بوو، بەڵام بینیشمان كە دەست بەجێ جەنابی سەرۆك بارزانی، هەر زوو وەڵامی دایەوە و لەگەڵ بەغداش قسەی كرد و ئامادەبوونی خۆشمان دەربڕی كە ئێمە ئامادەین بە هەموو جۆرێك بەرگریی لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی مافی جووتیاران بكەین. ئێمە لەسەر ئەو بەڵێنە بەردەوامین و بە هیچ جۆرێك ئێمە واز لە هیچ بستێكی خاكی ئەم وڵاتە ناهێنین.
هەرچەندە چەندین جار بەڵێن دراوە و ڕێككەوتن كراوە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، هەر دوای درووستبوونی حكوومەتی نوێ و لە دوای نووسینەوەی دەستوور لە 2005، دەبووایە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن. من پێموایە ئەوکاتەش هەڵەیەكی گەورە كرا كە ناو لەو شوێنانە نرا ناوچەی ناكۆكی لەسەر، ئەوانە ناوچەی ناكۆكی لەسەر نین، ناوچەی داگیركراون، ناوچەی دابڕێندراون، ئەوانە هەموویان ناوچەی كوردستانین كە بەزۆر لە خەڵكی ئێمە سەندراونەتەوە و رۆژێكیش هەر دەبێ بێت كە خەڵكی ئێمە بگەڕێتەوە ناوچەكانی خۆیان بەڵام بە سەربەرزی.
ئێمە دەمانەوێ بە ئاشتییانە بتوانین هەموو بستێكی خاكی وڵاتەكەمان بگەڕێنینەوە، نامانەوێ و ماندوو بووین لە توندوتیژی و شەڕكردن، بەڵام یەكهەڵوێستی و ئیرادەی بەهێزی خەڵكەكەمان، دەتوانێ وابكات كە ئێمە بتوانین نەك تەنیا ماددەی 140 جێبەجێ بكەین، بەڵكوو هەموو بەندەكانی تری دەستووریش وەكوو هاتووە بەو شێوەیە جێبەجێ بكرێن. گرنگە ئێمە یەكهەڵوێست بین، یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان گرنگە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە بەرژەوەندیی باڵای خەڵك و وڵاتەكەت بخەیتە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی. ئەگەر ئێمە هەموومان لە پێناو كوردستاندا ئامادە بین خۆمان بەخت بكەین و لە پێناو خاكی كوردستاندا یەكگرتوو بین، هیچ هێزێك پێمان ناوێرێ.
هیوادارم ئێمە بتوانین لەمەودواش ئەوەی پێمان بكرێ لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بین، لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین. دڵنیاش بن برا جووتیارەكان، لە جەنابی سەرۆكەوە، لە حكوومەتی هەرێمەوە، هەر هەموومان بەردەوامین لە گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا. پێشنیار كرا لەگەڵ هاوپەیمانان قسە بكەین لەگەڵ ئەوانیش قسەمان كردووە، بەردەوام دەبین لە قسەكردن لەسەر ئەمە. ئەمە شتێك نییە بە پۆستێك یان دوو پۆست لە كەركووك چارەسەر بكرێ، ئەمە دەبێ بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێ، كەركووك خۆی بە لای ئێمەوە دڵی كوردستانە و دەبێ ڕۆژێك هەر بگەڕێتەوە بۆ باوەشی كوردستان، نەك تەنیا بە پۆستێك و دوو پۆست، بەڵام ئەمە بە هیممەت و ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان دەكرێت. هیچ هێزێك لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەهێزتر نییە، بەڵام دەبێ ئێمە ئامادەبین لە پێناو وڵاتەكەمان، لە پێناو سەربەرزیی گەلەكەمان خۆمان بەخت بكەین.
من خۆشحاڵم كە ئەو هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانانە دەبینم لێرە كە ئامادەن خۆیان لە پێناو ئەو خاكە و لە پێناو سەروەری و بەختەوەریی ئێوە بەخت بكەن.
سوپاسی هەر هەمووتان دەكەم، ئینشائەڵڵا هەر سەركەوتوو بن. من نامەوێ لەمە زیاتر كاتی ئێوە بگرم. لە كۆتاییدا دەمەوێ رۆژێ جلوبەرگی نەتەوەیی لە هەمووتان پیرۆز بكەم، ڕەمەزانیش لە هەمووتان پیرۆز بێت، خوا دوعا و نوێژ و رۆژوو و تاعەتی ئێوە قبووڵ بكات، هەر سەركەوتوو و سەربەرز بن و كوردستانیشمان رۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر بێت.