پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە چوار گەڕەکی دیکەی هەولێر

لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری, کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری گەیشتە چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر. 

شەممە، 8ـی ئاداری 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر بۆ گەڕەکەکانی (زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە) دابین دەکات، کە نزیکەی 12،500 هاوبەشیان لەخۆ گرتووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێشتر 17 گەڕەک بە 65 هەزار هاوبەش سوومەند ببوون لە پرۆژەی ڕووناکی، کە بریتین لە (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین). بەم شێوەیەش بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا 21 گەڕەک و 77،500 هاوبەش و نزیکەی 265 هەزار هاووڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی ڕووناکی لەڕێگای ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک یان کێشەک. سەنتەرەکەش لەکاتژمێر 9ـی بەیانی تاوەکو 9ـی شەو بەردەستە.

ھەواڵی زیاتر