پارێزگای هەولێر: پێش جەژن سەرجەم دووکانەکانی قەیسەری تەواو دەبن

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، 137 دووکانی بازاڕی قه‌یسه‌ری رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوه و پێش جەژن نۆژەنکردنەوەی سەرجەم دووکانەکان تەواو دەکرێن.

رۆژی دووشەممە 3ی 3ی 2025، پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “بە گوژمەى 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەى پارێزگای هەولێر، ماوەی نزیکەی 8 مانگە، نۆژەنکردنەوە بازاری قەیسەریی هەولێر بەردەوامە.”

شەوی 5-5-2024 ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە. بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، نزیکەی 200 دووکان سووتان.

پارێزگای هەولێر دەڵێت، “تاوەکو ئێستا نزیکەی 137 دووکان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە؛ ئەو بەشەی دیکەش کە بە بەشە مێژووییەکەی ناسراوە، بریارە پێش جەژنی رەمەزان تەواو بکرێت، راستەوخۆ رادەستی خاوەنەکانیان بکرێتەوە.”

شێرزاد موحسین، یەکێکە لە دووکاندارەکانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر گوتی، “کارەکانی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان زۆر بەباشی دەڕۆن، نرخی دووکانەکانمان بەپێی شوێنەکانیان زۆر بەرزبووەتەوە.”

رۆژی 05-09-2024، ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی قەرەبووی ئەو دووکاندارانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری زەرەرمەند بوون رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری نوێی لە بەرژەوەندیی زیانلێکەوتووان دەرکردووە. ”کەمترین هاوکاری بۆ ئەو دووکاندارانەی زیانیان بەرکەوتووە، دوو ملیۆن دینارە و زۆرترینیش دەگاتە 20 ملیۆن دینار.”

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، “بازاڕی قەیسەریی کۆنی هەولێر، لە نهۆمی ژێرەوە 138 دووکانە، هەروەها 55 دووکانیش لە نهۆمی سەرەوەن؛ زۆرینەی کارەکانی هەردوو نهۆمەکە تەواو بوونە، پێش جەژن سەرجەم دووکانەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێنەوە.”

شێرزاد موحسین هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دووکانەکان و خواست لەسەریان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، “پێش سووتانی بازاڕەکە، ئەو بەشەی ئێمە سیمایەکی کۆنی هەبوو و جموجۆڵی زۆر کەمیشی لەسەر بوو، بەڵام خەڵک و دووکاندارانیش دەبینن، کە بە شێوازێکی جوان نۆژەندەکرێتەوە و دوای کردنەوەشی چاوەڕوان دەکرێت سەرنجی خەڵک رابکێشێت و قەرەباڵخ بێت، بۆیە نرخەکان بەرزبوونەتەوە.”

ھەواڵی زیاتر