سەرۆک بارزانی لەگەڵ سێ پارتی باكووری کوردستان تاوتوێی پرۆسەی ئاشتی دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكوور کرد و بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كراوە.
راگەیێندراوی بارەگای بارزانی دا هاتووە، “رۆژی دووشەممە، 3ی ئاداری 2025، لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێز مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان و بەڕێز بایرام بۆزیەل، سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان و بەڕێز دۆزگین كاپلان، سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان و بەڕێز مەسعود تەك، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و بەڕێز محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان”.
بارەگای بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، “لە دیدارەكەدا بەوردیی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە”.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و بە تایبەت سووریا کراوە، بارەگای بارزانی دەڵێت، “سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ شاندی میوان لەبارەی بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان خستەڕوو”.