مەزڵووم عەبدی: پەیامەکەی ئۆجەلان هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: ئەگەر ئاشتی لە تورکیا بەدی هات، ئەوا هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئێمە لە سووریا.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، گوتی: پەیامەکە ئەرێنییە، چونکە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی ئاشتییانە لە ناوخۆی تورکیا دەکات.
فەرماندەی هەسەدە، ئاماژەی بەوە کرد، پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، تەنیا پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە لە سووریا.
گوتیشی: ئەگەر ئاشتی لە تورکیا بەدی هات، ئەوا هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئێمە لە سووریا.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.