لەم نزیكانە كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پێكدەهێنرێت

ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و زانیاری ده‌خاته‌ روو.

زیاتر لە چوار مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەمبارەیەوە نزیكبوونەوە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە.

پێوەندە بەم پرسە، ئه‌حمه‌د كانی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م نزیكانە حكوومه‌ت پێكبهێنرێت، هه‌موو لایه‌كیش باس له‌وه‌ ده‌کەن، كه‌ به‌م زوانه‌ پرسه‌كان كۆتاییان دێت، به‌ڵام به‌ رای من په‌له‌كردنیش باش نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ لێکتێگه‌یشتنی باش بكرێته‌ بنه‌ما بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌، باشتره‌ له‌وه‌ی په‌له‌ بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئەگەر كات كورت بكرێته‌وه‌ باشتره‌.“

ڕوونیشی كردەوە: ”ئه‌م جاره‌ وردتر چوونه‌ته‌ ناو پرسه‌كانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌كانی رابردوو دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، ئه‌م حكوومه‌ته‌ حكوومه‌تی هه‌ڵگرتنی بەرپرسیارێتییه‌ و ده‌بێت بەرپرسیارێتی بكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌شدارن.“
هەروەك باسی لەوەش كرد كە ”په‌یامی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌یه یەك هەرێمی كوردستان، یه‌ك حكوومه‌ت، یەك په‌رله‌مان و یەك هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت، بۆیە ئەمە په‌یامی پارتییشە‌ و گرنگرترین بڕگەیە لە گفتوگۆكان،‌ گرنگه‌ یه‌كێتییش تێگه‌یشتنیان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌بێت، خۆ ده‌بێت له‌ واقعدا وابێت.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ جارێكی دیكە، شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی وردەكاریی پێكهێنانی حكوومەت، كۆ دەبنەوە.

ھەواڵی زیاتر