گوتەبێژی پارتی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دەدرێن

گوتەبێژی پارتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی “کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دەدرێن.”

شەممە، 22-02-2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دایەوە. 

ئەمڕۆ لە سلێمانی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. مەحموود محەممەد لەوبارەوە گوتی: “لەم کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک بابەتی گرنگ دەکرێت. هاوکات ئەو ڕەشنووسەش تاوتوێ دەکرێت کە لیژنە تەکنیکییە هاوبەشەکەی هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون، تاوەکوو پەسەند بکرێت.”

هەر لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، گوتەبێژەکەی پارتی ئاماژەی بەوە دا: “پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ بدرێن.”

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت چەند دەخایەنێت؟ گوتەبێژی پارتی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی: “ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە بەم نزیکانە بێت.”

مەحموود محەممەد کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە، باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا “کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کراون. ئەو بابەتە تەکنیکی و سیاسییانەی دەبووایە باسی لێ بکرێت، باسی لێ کراوە و لەسەر زۆرینەی (بابەتەکان) ڕێککەوتوون.”

ھەواڵی زیاتر