بە فەرمانی مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکی گرینگ جێبەجێ دەکرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، كە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەورەپڕۆژەیەكی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر بە گوژمەی 25 ملیار دینار درێژی 411 كیلۆمەتر كەوتە واری جێبەجێكردنەوە، كە دەبێتە تەواوكەری پڕۆژەی ئاوی هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی 2ی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “بەئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕێوڕەسمی بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر دانرا.”

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وتارێكیدا وێڕای پیرۆزباییكردن لە دانیشتوانی شاری هەولێر و دەورووبەری، باسی لە گرنگی پڕۆژەكەش كرد و گوتی: “زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەران و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر لەو ڕێوڕەسمەدا بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر دادەنێین كە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت و بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.”

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتیشی: “لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024دا ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا هەر ئەوكات فەرمانی كرد لەگەڵ گەیشتنی ئاو بە ناو شاری هەولێردا، پێویستە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناو گەڕەكەكانی هەولێریش ئامادە بێت بۆ ئەوەی بەزوویی ئاوی پرۆژەكە بگاتە ماڵان و ئێستاش بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ناوخۆی ئاو بۆ گەڕەكانی هەولێر بە گوژمەی 25 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردی بناغەكەی دانرا و لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا لەلایەن كۆمپانیای كەیوەنەوە جێبەجێ دەكرێت.”

ساسان عەونی، لەبارەی بایەخ و گرنگی ئەو پڕۆژەیەش گوتی: “ئەو پرۆژەیەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكان، هەموو گەڕەكەكانی سنوورەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تایبەتی دەرەوەی شەقامی 120مەتری و ناوەوەی شەقامەكە لێی سوودمەند دەبن و زیاتر لە 1000 بیری ئاویش دادەخرێن.”

ئاماژەی بەوەش دا، كە “ئەو پرۆژەیە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، ژمارەی ئەو ماڵانەی لێی سوودمەند دەبن 248 هەزار ماڵ، واتە هاوبەشی ئاو لەو پرۆژەیەدا لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن كە 63 هەزار هاوبەشیان لە دەرەوەی شاری هەولێرن، پرۆژەكە زۆر گەورەیە و درێژییەكەی 411 كلیۆمەترە، هەڵكەندن و بڕینی شەقامەكان و دانانی تۆڕی ئاو لەخۆی دەگرێت.”

وەزیری شارەوانی لە وتارەكەیدا ڕاشیگەیاند: “ئەو پرۆژەیە بە یەكێك لە شاكارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت و ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری دانیشتوانی شاری هەولێر و دەورووبەری.”

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وتارێكدا پیرۆزبایی لە دانیشتوانی شاری هەولێر كرد و سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە و ڕاشیگەیاند: “ئەمڕۆكە زۆر دڵخۆشین كە هەنگاوێكی دیكە دەچینە پێش لە چارەسەركردنی گرفتێكی لەمێژینەی چەندین ساڵەی شاری هەولێر بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی و لێرەشەوە بەناوی پارێزگای هەولێرەوە سوپاسی جەنابی سەرۆكوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی هەولێر.”

پارێزگاری هەولێر لەبارەی گوژمەی ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ، گوتیشی: “گوژمەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی هەولێر 25 ملیار دینارە و بە درێژایی 411 كیلۆمەتر لەلایەن كۆمپانیای كەیوەنەوە جێبەجێ دەكرێت و بەهۆیەوە 1000 بیر دادەخرێن و هەولێر بەهۆی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاو و دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوەوە دەگاتە قۆناغێكی دیكە و دەتوانرێت خزمەتێكی باشتر و چاكتری دانیشتوانی شاری هەولێر و دەوروبەری بكرێت، زۆر دڵخۆشین و دڵنیاین لەوەی لە ماوەی دیاریكراودا ئەو پرۆژەیە تەواو دەبێت و كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەبێت.”

ھەواڵی زیاتر