دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش، لە دوو ئۆپەراسیۆندا لە دەوروبەری سلێمانی “دوو تیرۆریستی داعشیان” دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لەماوەی 12 تاوەکو 16ـی دووی 2025، “بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان دوو تیرۆریستی داعش لەدەوروبەری شاری سلێمانی دەستگیر بکەن.”
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تیرۆریستان بەمەبەستی خۆڕێکخستنەوە روویان لەدەوروبەری شاری سلێمانی کردبوو، لە رابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، تۆمەتباران بە مادەی دووی تیرۆر راگیراون، رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.