ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی تایبەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەکات.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، كۆدەبێتەوە و بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ لەسەر سێ بابەت دەكرێت و ئەوانیش خستنەڕووی وردەكاریی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی و، بابەتی نوێكردنەوەی یاداشتی لەیەكگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمارات و ڕاسپاردنی وەزارەتەكان بۆ كاروباری پێویست سەبارەت بە ناوەڕۆكەكەی.
لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، تایبەت بە یەكخستنی ڕێككارەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و پۆلینكردنی بەڵێندەران كە یەكێك بووە لە ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاری هەولێر و بەغدا دەخرێتەڕوو. لەگەڵ خستنەڕووی دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی تایبەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە دوێنێ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر