یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاو کرایەوە

یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و سێ یاسای دیکە کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراون، لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاو کرانەوە.

سێشەممە، 18-02-2025، هەر یەکە لە یاساکانی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان؛ لێبووردنی گشتی، باری کەسێتی و هەمواری بودجەی گشتیی فیدراڵی، لە ڕۆژنامەی فەرمی حکوومەتی عێراق (وەقائیع) بڵاو کرانەوە.

بە بڵاوکردنەوەیان، لەمڕۆ سێشەممەوە، ئەو چوار یاسایە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە “قیادەی سەورە”ــی هەڵوەشاوە و یاسای باری کەسیێتی و لێبووردنی گشتی دا.

ئەگەر یاساکە وەکوو خۆی جێ بەجێ بکرێت، کە تایبەتە بە کەرکووک و سنووری ماددەی 140، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم مووڵک و زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان کە 50 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دراون بە عەرەبی هاوردە، بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەگەڕێتەوە.

دوای دەنگدان بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو، شاخەوان عەبدوڵڵا،  جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند “سوپاس بۆ خوای گەورە سەرکەوتین، دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان دەنگی لەسەر درا.”

بڵاوکردنەوەی ئەم یاسایانە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 17-02-2025، سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری کەرکووک، ڕێگرییان لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد کرد و پەلامار و ئازاری جووتیارانیان دا؛ جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا.

جووتیارێکی گوندی شەناغە ڕایگەیاند “سوپای عێراق، سوپایەکی شۆڤێنییە، پابەندی هیچ یاسا و ڕێککەوتنێک نابێت. ئێمەش مۆڵەتی 48 کاتژمێرمان بە سوپا داوە تاوەکوو گوندەکەمان بەجێ بهێڵێت، ئەگەر تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، 20-02-2025، لە ڕێگریی بەردەوام بوون، زەوییەکانمان دەکێڵین، ئەگەر خوێنمان لەسەر داناوە.”

ھەواڵی زیاتر