پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە لەبارەی گرژییەکانی ئەمرۆی کەرکوک

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەددەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە. ئەمە ڕەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لەدژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن.

لێرەدا داوا لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن. دەستخۆشیش لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لەبەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بوونە و با باش بزانن كە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین.

مسعود بارزانی
17ی شوباتی 2025

ھەواڵی زیاتر