شاندی دەم پارتی: چارەکردنی پرسی کورد کاریگەریی لەسەر ناوچەکەش دەبێت
دووشەممە، 17-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ساز کرد.
کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) بە ناوی شاندەکەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند “کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زۆر باش بوون و کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەبێت.”
بایندەر باسی لەوەش کرد “گەلی کورد هیوادارە لەسەر بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕابگەیەنرێت. بە دڵنیاییەوە چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، کاریگەری ئەرێنی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت.”
بە گوتەی هاوسەرۆکی دەبەپە “پرسی کورد، بووەتە پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەموو وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ لەسەر چارەکردنی پرسەکە دەکەن، بەڵام هەڵوێست و ڕۆڵی بەرپرسانی کورد، لە هەموو ئەوانەی دیکە کاریگەریی زیاترە.”
چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆ بووەتەوە، بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ ئۆجەلان کۆ ببنەوە.