وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەتەکان ناردووە، هەر مووچەخۆرێک کارتی نیشتمانی نەبێت یان ژمارەی کارتی نیشتمانی لە وەزارەتەکە نەبێت مووچەکەی ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.
وەزارەتەکان لەڕێگەی نووسراوێکەوە فەرمانگەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە فەرمانبەران ئاگادار بکەنەوە، ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە، خۆیان بەرپرس دەبن لە هەر کێشەیەک کە بەسەر مووچەکەی دێت، یاخود ئەوانەی کارتی نیشتمانییان هەیە و ژمارەکەیان نەهێناوە بۆ فەرمانگە، پێویستە بەزووترین کات ژمارەی سەر کارتەکە بهێنن بۆ فەرمانگە و ئەوانەشی مامەڵەیان کردووە و هێشتان کارتەکەیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن بچنە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی ئەو شوێنەی مامەڵەکەیان لێ کردووە لەوێ داوای ژمارەی کارتەکە بکەن.
کارتی نیشتمانی جێگرەوەی ناسنامەی کۆن و ڕەگەزنامەی کۆنی عێراقییە، ئێستا گۆڕانکاری لە چاپەکەی کراوە و کوالێتیەکەی باشتر کراوە.
بەپێی بڕیارێک دوای ئەوەی پسوڵەی بەشەخۆراکی مانگانە کرایە ئەلیکترۆنی، ئەوەی کارتی نیشتمانی نەبێت بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت.
بەپێی سەر ژمێری ساڵی ڕابردوو دانیشتووانی عێراق زیاتر لە 45 ملیۆن کەسە، داتای وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش پێمان دەڵێت، زیاتر لە 40 ملیۆن عێراقی کارتی نیشتمانیان هەیە.